ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی ئیمارات، ڕۆژی هەینی٧ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی، داوای لە وڵاتانی تورکیە و ئێران کرد کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا بێنن.
قەرقاش لە درێژەی وتووێژە مەدیتەرانەییەکاندا جەختی لە سەرئەوە کردەوە کە پەیامی ئێمە بۆ وڵاتانی تورکیە و ئێران ڕوون و ئاشکرایە و دەبێ سەروەری خاکی وڵاتانی عەرەبی بپارێزن تاکوو ئێمەش سەروەری خاکی وڵاتی ئێوە بپارێزین.
ناوبراو بە ئاماژە بە وڵاتی “لیبی” و ڕەوانەکردنی میلیشیای چەکدار و چەکوچۆڵ لە لایەن تورکیەوە گوتی: باشتر وایە کە تورکیە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی دەورووبەر کۆتایی پێبهێنێت.
قەرقاش لە درێژەی وتووێژەکەدا دەڵێ: وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە هیچ وڵاتێک بە تایبەت تورکیە و ئێران، قەبوڵ ناکەن کە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکانیاندا دەستێوەردان بکەن و ببنە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەروەها ناوبراو بە ئاماژەکردن بە ڕێککەوتنی ئاشتی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا گوتی: بۆ سەقامگیری وڵاتانی عەرەبی و پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی وڵاتانێک وەکوو ئێران و تورکیە، ئەم ڕێککەوتنە زۆر پێویست و بەجێگایە و لە ئێستادا حکوومەتی خودمۆختاری فلستین، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئاشتیانەو برایانە.