میرزا ئەحمەد ئەحمەدی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی هەینی ٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، میرزا ئەحمەد ئەحمەدی پێشمەرگەی دێرینی حیزب و دڵسۆزی گەل و نیشتمان، خەڵکی زەراوی خواروو سەر بە شاری بانە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
شایانی باسە کە میرزا ئەحمەد لە ساڵی ٥٨ی هەتاوییەوە چەکی شەرەف و بەرگری لە نیشتمانەکەی کردە شان و هەتا ساڵی ٦٤ی هەتاوی لە دژی داگیرکەری خاک و نیشتمانەکەمان خەباتی کرد و یەکێک بوو لەو ڕۆڵە بەجەرگ و دڵسۆزانەی دێموکرات کە لە هیچ ئەرکێکی حیزبی لاریی نەبوو، هەر بۆیە لە بەر لێهاتوویی و ژیرییەوە بوو بە کادری بەشی دادوەری و کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا ساڵی ٦٤ی هەتاوی درێژەی بە ئەرکە حیزبییەکانی دا و پاشان لە بەر بنەماڵەکەی گەڕایەوە گوندەکەی خۆیان ( زەراوی خواروو)، بەڵام تا سەر وەفادار و دڵسۆز بۆ ئامانج و ئاواتەکانی مایەوە.
میرزا ئەحمەد کەسایەتییەکی بەرز ونێشتمانپەروەر و جێگای ڕێزی هەموو هاوسەنگەران و خەڵکی ناوچەی بانە بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕیز و سەرجەم کەسوکاری میرزا ئەحمەد ئەحمەدی دەکەین و لە خەمیاندا شەریکین.