غوڵام سەحرایی فەرماندەی هێزە نیزامییهکانی ئێران لە سەر سنووری عێراق لە دەروازەی سنووری مێهران لە پارێزگای ئیلام، هەواڵی دەست بەسەر دا گرتنی بڕێکی یەکجار زۆر پوڵی لەو خالە سنوورییە ئاشکرا کرد.
بە پێی هەواڵ ئەو پوڵە کە زیاتر لە سێ میلیاردو بیست و پێنج ملیۆن تمەنی ئێران بووە، لە ئۆتۆمبێلی کەسێکدا دۆزراوەتەوە کە بە نیاز بووە لە عێراقەوە بیهێنێتە نێو ئێرانەوە.
هاوکات یەدووڵا شەرەفی، جێگری بەرپرسی هێزە سنوورییەکانی ئێران لە پارێزگای ئیلام لە وتووێژێک دا لەگەڵ هەواڵدەری ئیسنا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوەو ڕایگەیاند کە ئەو بڕە پولە زۆرە پێش ئەوەی بگاتە نێو خاکی ئێران، لە لایەن هێزەکانی سەرسنوورەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەوە جاری یەکەم نیە کە کاربەدەستە جۆراوجۆرەکانی ئێران هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی پوڵ لە خالە سنوورییەکانی نێوان ئێرانو وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە بڵاو دەکەنەوەو لە هەمان کات دا بوونی ئەو خالە سنوورییانە بە کێشەیەکی گەورە بۆ سەر ئابووری ئێران دەزانن.
ماوەیەک لەمەوبەر عەلیڕەزا جەمشیدی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاوەدێری حکومەت بەسەر ناوچە سنوورییەکاندا باسی لەو زیانانە کرد کە بە هۆی هێنانی شتوومەک بە قاچاخی لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ ناو ئێران لە ئابووری ئێران دەکەوێو گوتی: ساڵانە بڕی ٢٠ میلیارد دۆلار کەلوپەل لە ناوچە سنوورییەکانەوە بە قاچاخی دێتە ناو ئێرانەوەو لە بەرامبەر هەر یەک میلیارد دۆلار دا ١٠٠ هەزار هەلی کار لە ئێران لە دەست دەچێ. ئەو کاربەدەستەی ڕژیم دەڵێ ئەگەر ئەو ڕێگە قاچاخانە نەمێنن زیاتر لە دوو ملیۆن هەلی کار لە ماوەی ٢ ساڵدا بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەستەبەر دەکرێ. ئەو قسانهی کاربەدەستانی ڕژیم له پێوهندی لهگهڵ هێنانی شتومەکی قاچاخو بوونی ڕێگەی قاچاخ لە سەر سنوورەکانی نیوان دوو وڵات =و زیانەکانی ئەو ڕێگە قاچاخانە لە کاتێک دایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر پڕۆژە بڕیاری کرانەوەی چەندین ناوچەی ئازادی بازرگانیو پیشە سازی لە خاڵە سنوورییەکانی بانەو مەریوان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران، بە هۆی دژایەتی زۆرینەی نوێنەرانی مەجلیسی ئێران رەد کرایەوەو لە دەستووری کاری ئەم دەورەی مەجلیس چووە دەر.
لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بەو پووڵانەی کە ئەوە جاری چەندەمە لە ناوچە سنوورییەکان دەستی بەسەر دا دهگیرێ، هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە کە ئەو پوڵانە هی دەستو پێوەندەکانی ڕێژیمنو بۆ خۆدزینەوە لە سزا سەپێندراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ولاتانی عەرەبی کەنداو و تورکیەو و لە ڕێگەی عێراقەوە دەیبەنەوە بۆ ئێران.
بە پێی راپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە دەیان وەجبە پوڵی زۆری لەو چەشنە ڕۆژانە لەو خالە سنوورییانەوە تێپەڕ دەبنو کەسیش پێی نازانێ، بەڵام هێندێک جار ئەو پوڵانە بە هۆی کێشەی نێوان باندو گرووپانەوە دەستیان بە سەر دادەگیرێو لە هەواڵدەرییەکانیش دا باسیان دەکرێ.