بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئیسرائیل لە حەتووتووەكانی ڕابردوودا ڕێنمایی داوهته ئەرتەشی وڵاتهكهی بۆ خۆئامادەكردن گورزێکی سەربازیی ئەمریکا دژبە ڕێژیمی ئێران، بهر لهوهی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا كۆشكی سپی بەجێبهێڵێت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل “بینی گانتس”، لە دوو حەوتووی ڕابردوودا دوو جار لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا “كریستۆڤێر میللەر” قسەی كردووە و بارودۆخی ڕێژیمی ئێران، ڕەوشی سووریە و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئاسایشیی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکادا لەگەڵ باسكردووە.
هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتییان: ئەگەر ئیدارەی ترامپ جووڵەیەكی دژ بە ڕێژیمی ئێرانی كرد، مەزندە دەكرێت پێشوەختە ئیسرائیل ئاگادار بكرێتەوە و ھۆشداری وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕێنماییە پێویستەکان بە ئەرتەش و سپای وڵات دراوە بۆ خۆئامادەكردنی تەواو.
خۆ ئامادە کردنی ئیسراییل لە بەر ئەوەیە کە لە حاڵەتی ئەنجامدانی ھێڕشی ئەمریکا، لەوانەیە میلیشیاکانی سەر ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ لە سووریە یان حیزبوڵڵا وڵامی سەربازیی ئیسرائیل بدەنەوە.
ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز” حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاند، ترامپ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەكەی خۆی باسی لە ئەگەری ھێرشكردنە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە نەتەنز كردووە.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتەکەی رۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز”، مایك پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوی كردووه، لە درێژەی سەردانەكەیدا بەپرسانی باڵای ئەمریكایی كە لە وەڤدی سەفەرەکەی ناوبراو بوون گوتیان: بەو ئاستەی كە ئیدارەی ترامپ ھەست بە نیگەرانی دەكات، ھێشتا ھەموو بژاردەیەك لهبارهی ڕێژیمی ئێرانهوه کراوەن.
لە سەردانەكەی پۆمپێئۆ بۆ كەنداو، بەرپرسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ڕاھێنانێكی لهناكاوی ڕاگەیاند و مووشەكی ” بی ٥٢”ی ستراتیژیی تاقیکردەوە، ئهو مووشەکە توانای ھەڵگرتنی بۆمبی گەورەی ھەیە و دەتوانێت ئەو پەناگە و حەشارگانە ببڕێت كە بۆ سیناریۆی بۆمبارانکردنی ناوەند و دامەزراوەکانی ناوکی ڕێژیمی ئیران لە ژێر زەوی دروستكراون.












