محەممەد حەمیدی ناسراو بە”محەممەد گەرمێنی” باوکی نەمر عومەر حەمیدی لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە محەممەد حەمیدی ناسراو بە”محەممەد گەرمێنی” بابی هاوڕێ و هاوسەنگەرمان شادڕەوان عومەر حەمیدی، لە شارێ شنۆ کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد وەک هەموو ئەو کەسانەی کوڕیان پێشمەرگەیە زۆرجار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بنکە وناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم بانگ دەکرا و دەکەوتە بەر بێڕێزی و قسەی نەشیاو و سووکایەتی پێکردن.
پیاوێکی بەساڵاچوو و جەستەیەکی ماندوو و پڕ لە ئێش و ئازار، سەڕەڕای رەنجی بەردەوام و کار و کوێرەوەری تاقەت پڕوکێن هەمیشە لە ژێر گوشاری هێزەکانی ڕێژیمدا بوو، هەمیشە شانازی بە کوڕە پێشمەرگەکەیەوە دەکرد و خۆی بە بەختەوەر دەزانی و پێی سەربڵیند بوو.
شایانی باسە کە کاک عومەرحەمیدی پێشمەرگەیەکی فیداکار و کادرێکی تێکۆشەر و ئەندامێکی لێوەشاوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە بەشی زۆری تەمەنی بەختی ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەی کرد و لە هیچ ئەرک و مەئمووریەتێکی حیزبی درێغی نەکرد و بە داخەوە لە وڵاتی فینلاند بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک محەممەد گەرمێنی و خزم و کەس وکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.