ئێلیۆت ئابرامز، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، بو کاروباری ئێران ڕایگەیاند کە گەمارۆگەلێکی زیاتر بە دژی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی حەوتووی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئابرامز دەڵێ: ئێمە گەمارۆگەلێکی نوێ دەخەینە سەر ٤ کەسایەتی حقوقی کە پشتیوانی سەرەکی لە بەرنامەی مووشەکی ڕێژیمی ئێران دەکەن و لە ئێستادا بنکەکانیان لە وڵاتی چین و ڕووسیەیە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ڕێکخراوی”موستەزعەفان”ی کە سەربە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ڕێژیمی ئێرانە خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
هەروەها ئەم گەمارۆگەلە کۆمپانیا کانزاکانی ئێران، پیشەی نەوت، گواستنەوەی ڕێژیمی ئێران و “مەحموود عەلەوی” وەزیری زانیارییەکان و دەیان کە سایەتی دیکە و ناوەندە جۆربەجۆرەکانی ڕێژیمی ئێران دەگرێتەوە.
سەپاندنی ئەم گەمارۆگەلە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا، باوەڕی تەواوی بە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هەیە و بەرەوام دەبێ لە دانانی گەمارۆکان و سزاکان.
شایانی باسە کە ئەم گەمارۆگەلە گوشاری زۆری خستۆتە سەر ئابووری وڵاتی ئێران، بە شێوەیەک کە نرخی پارەی ئێران ڕۆژبەڕۆژ لە داڕمان دایەو بەرەو فەوتان دەچێ.