فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ناوچەی “جەبەلول مانێع”ی سووریەیان بۆمباران کرد.
ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی سووریە ڕایانگەیاند، کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ناوچەی “جبلالمانع” لە باکووری پارێزگای” ئەلقۆنەیتەرە”یان بۆمباران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕێژیمی سووریە “سانا” فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ئێوارەی سێشەممە ٤ی سەماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیدا دەوروبەری “جبلالمانع”ی سەر بە دەمشقی پایتەختی ئەو وڵاتەی بۆمباران کرد.
ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر هێرشی ئاسمانی بەربڵاوی دژ بە میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی سووریەی ئەنجام داوە، کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بەرزاییەکانی گوڵان و ناوچەی باکووری ئیسرائیل کەوتۆتە حالەتی ئامادە باشییەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵنێری “ئەلعەرەبیە” ڕایگەیاند کە، ئیسرائیل لە هەوڵێکی بەرگریکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی مووشەکی لە ناکاو، بەشێک لە سیستمەکانی بەرگری مووشەکی خۆی ناسراو بە “گونبەدی ئاسنین”ی لە ناوچەی باکووری ئەو وڵاتە جێگیر کردوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل پیشتریش سەبارەت بە هێرشی ئاسمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتە دژ بە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ڕایگەیاندبوو، میلیشیاکانی سەر سپای پاسداران و چەکدارەکانی ڕێژیمی سووریە بە مەبەستی تەڵە دانان بۆ هێزەکانی ئیسرائیل تەقینەوەیان لە سەر جادەی بەرزاییەکانی گولان دانابوو کە دوای ئاشکرا بوونی ئەو تیمە کە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرپەرستی دەکرا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە چڕی ئەو ناوچەیان بۆمباران کرد.
شایانی باسە کە هێشتا هیچ ئامارێکی کوژراو و برینداری ئەو هێرشانە لە لایەن هەواڵدەرییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.