ئەمریکا، سپاسی وڵاتی کوەیت دەکا لەهەمبەر پشتیوانیکردن لە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی ئەو وڵاتە بە دژی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران.
پۆمپێئۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وڵاتی کوەیت، سپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیکردن لە ئەمریکا، لە هەمبەر بەڕێوەبردنی سیاسەتی ” ئەوپەڕی گوشار ” بە دژی ڕێژیمی ئێران.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەمە ٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە درێژەی گەشتەکانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە وڵاتی کوەیت، بە ئاماژە بەوەیکە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دڕێژەی هەیە گوتی: بۆ ئەوەیکە ئیزن نەدەین ڕێژیمی ئێران، دەستی بە چەکی ناوکی و پارە بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان ڕابگا گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەردەوام دەبێ.
ناوبراو لە درێژەی کونفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا، بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵی تەواوی خۆی دەدات کە ئیزن بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران نەدات دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ رابگا.
هەروەها “مایک پۆمپێئۆ” گوتی: ئەمریکا سپاسی وڵاتی کوەیت، لە هەمبەر ئیزندانی ئەو وڵاتە بۆ جێگیر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەکا و هیواخوازە هاوکارییەکانیان بەردەوام بێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دژی سەرەڕۆییەکان و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەکە و جیهاندا بە گشتی.
شایانی باسە کە لە ماوی ڕۆژانی ڕابردوودا مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانێکی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی وتووێژ و تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە بە دژی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانی دەسپێکردووە.