ڕێکخراوی بێهزیستی: لە سەتا “بیست وسێ”ی کەسانی لاوی سەرووی تەمەن ١٥ ساڵ لە ئێران بە هۆکاری جیاواز تووشی چوونە سەری کێشە و گرفتی دەرونی دەبن.
جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی بێهزیستی ئێران دەڵێ: بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە سەتا “بیست و سێ”ی کەسانی سەرووی تەمەن ١٥ ساڵ تووشی گرفتی دەرونی دەبن.
حەبیبوڵڵا مەسعوودی فەرید، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی بێهزیستی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا گوتی: ئاگاداری هەڵکشانی کێشە و گرفتی دەرونی لاوانی تەمەن١٥ ساڵانین کە بە هۆی چوونەسەری ڕێژەی توندوتێژی بنەماڵەیی پێویستی خێرایان بە پزیشکی دەرونناسی هەیە.
فەرید، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا دەڵێ: زۆربەی توندوتێژییە خێزانییەکان ڕاناگەیندرێ، کە دەتوانین ئەم جۆرە لە توندوتێژییە وەکوو توندوتێژی شاراوەی خێزانی ناو ببەین.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی دژ بە توندوتیژی، ئاماری توندوتێژی جەستەیی و دەستدرێژی ڕەگەزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەتا”سی و حەوت”ە کە ئەم ئامارانە زۆرن و بەردەوامیش لە هەڵکشاندایە.
جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی لە رێکخراوی بێهزیستی، لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: ئاماری توندوتێژییەکانی دژ بە ژنان کە دەبێتە هۆی کوژرانیان یەک کەس لە حەوتوودایە و ئەم ڕێژەیە لە پیاواندا دەگۆڕدرێ بۆ لە مانگدا یەک کەس کە بە هۆی جۆرەکانی توندوتیژییەوە گیانی لە دەستدەدا.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژە بە ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی گوتی: توندوتێژیەک کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان لە ژناندا چوار هێندەی پیاوانە.