ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە وتوویژێکدا لە گەڵ هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی “دۆناڵد ترامپ”، هەڵبژاردەی زۆری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، لە بەردەستدایە و لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردن و زیادکردنی میلیشیا حوسییەکانی”یەمەن”ی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە بۆ نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستەکانەوە.
ئۆبراین، کە ئێستا لە وڵاتی فیلیپیندایە، داوای لە میلیشیا حوسییەکان کردوە کە ڕێگای خۆیان لە ڕیژیمی ئێران جیابکەنەوە و کۆتایی بە هێرشە تێرۆریستییەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دەورووبەر بێنن.
ناوبراو سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لەو گرووپە چەکدارە سەبارەت بە ئاژاوەگێڕی و شەڕی چەکداری لە وڵاتی یەمەن، کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر وڵاتانی دەورووبەر گوتی: ئەمریکا بەردەوام چاوەدێری کاروکردەوە تێکدەرانەکانی ئێوەی لە نزیکەوە کردوە و بە نیازە بە توندترین شێوە سزاتان بدا.
ئوبراین دەڵێ: زیادکردنی ئەم گرووپە میلیشیا تێرۆریستەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بۆ نیۆ لیستی ڕەشی رێکخراوە تێرۆریستەکان، لە ئەولەوییەت و سەرووی بەرنامەی کاری “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکادایە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: جیاواز لە وەیکە ڕێکخراوی چەکداری حوسییەکانی یەمەن، دەخرێنە لیستی رەشی تێرۆرەوە، ڕێبەرانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانی ئەم گرووپە گەمارۆگەلێکی قورسیان بەسەردا دەسەپێ.