باڵوێزی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: هیچ کەس هێندە نەزان و ناکارامە نییە کە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی کارەساتباری “بەرجام” لە گەڵ ڕێژیمی ئێراندا.
عەبدوڵڵا ئەلموعەلمی، باڵوێزی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێ: هیچ کەس و وڵاتێک بە تایبەت دەوڵەتی “جۆ بایدن” هێندە گەمژە و ناکارامە نییە کە سەر لە نوێ بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنێک لە گەڵ ڕێژیمی ئێران کە شکستی ئەو ڕێککەوتنە بە لای هەموو جیهانەوە ڕوون و ئاشکرایە.
باڵوێزی عەرەبستان، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی” فاکس نیوز” لە وڵامی پرسێارێکدا کە لێیدەپرسن ئێوە لە سەر ئەو باوەڕەن دەوڵەتی” بایدن” بە پێچەوانەی دەوڵەتی “ترامپ” کە زۆر بایەخی بە سەقامگیری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لە گەڵ ئێران؟ ناوبراو لە وڵامدا دەڵێ: شکستی ڕێککەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕوون و ئاشکرایە و دوڵەتی عەرەبستان لە سەر ئەو باوەڕە نییە کە “جۆ بایدن” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا هێندە گەمژە و ناکارامە بێت کە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی کارەساتبار و شکستخواردووی” بەرجام”.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا گوتی: ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بێتە ئاراوە و دەوڵەتی عەربستانیش لایەنێک لەو ڕێککەوتنە بێت و کەموکۆڕییەکانی ڕێککەوتنی پێشوو وەکوو، “دەستێوەردانە تێکدەرانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، بەرنامە مووشەکییەکانی و پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان” لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا بگونجێ، ئەوە دەوڵەتی عەرەبستان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکا.
شایانی باسە کە “جۆ بایدن”، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، پێشتر و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بە ڵێنی ئەوەی دابوو کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” و لە گەڵ ڕێژیمی ئێران دەگا بە ڕێککەوتن.