سپای پاسداران هەڕەشەی لە مەڕدارانی ئاواییەکانی دەورووبەری چلچەمە لە ناوچەکانی سەقز و دیوانەدەرە کردوە کە لە ساڵی داهاتوودا نابێ لە کەوشەن و لەوەڕگەی ناوچەکە کەڵک وەربگرن.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، لە هاوینی ئەمساڵەوە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی مانۆڕێکی وەرزانەی نیزامیدا بە دەیان بنکەی نیزامیی لە چلچەمە و هەردوو بەری ناوچەکانی سەقز و دیواندەرە داناوە، هەڕەشەی لە خەڵکی کاسب ومەڕداری ئەو ناوچانە کردەوە کە چیدیکە نابێ لە لەوەڕگەکان و کەوشەنەکانی ئەوێ کەڵک وەربگرن.
بە پێی زانیارییەکان، خەڵکی ناوچەکە تا ئێستا چەند جارێک لەم پێوەندییەدا سکاڵایان لەم داوا و هەڕەشانەی سپای پاسدارانی ڕێژیم کردوە، بەڵام لە جوابدا هەڕەشەیان لێ کراوە کە ئەگەر پێچەوانەی ئەم داواکارییانەی سپا بجووڵێنەوە، دەست بە سەر مەڕو ماڵەتەکانیاندا دەگیردرێ.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانە هێندێک کەسی قازانجپەرەستی چەند ئاواییەکی ئەم ناوچانە، بە پیلانی سپای پاسداران کەوتوونەتە هەڕەشەکردن لە خەڵکی ئاواییەکان و هانیان دەدەن؛ یان مەڕ و ماڵاتەکانیان بفرۆشن یان لە بەرانبەر پێدانی پارەیەکی زۆردا ئەوان دەتوانن لەوەڕگەکانیان بۆ وەرگرنەوە.
لەم پێوەندییەدا کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای داوای یەکگرتوویی لە خەڵکی ناوچەکە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانەی سپای پاسداران، داوا لەو کەسانەی بوونەتە داردەستی سپا دەکات کە دەست لەم کارانەیان هەڵگرن و پشتی کەس و کاری خۆیان بۆ دوژمن بەر نەدەن، کە لە ئەگەری درێژەدانیان بە خۆشخزمەتییەکانیان بە سپای پاسداران، ناو و ناسنامەیان بۆ خەڵکی ناوچەکە ئاشکرا دەکرێت.
جێی بیرهێنانەوەیە کە هاوینی ڕابردوو سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ژێر ناوی بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی وەرزانەدا، بە دانانی دەیان بنکەی سەربازی، سەدان کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی لە داوێن و بەرزاییەکانی چلچەمە مۆڵ داوە و بە هەڕەشەکردن لە خەڵکی کاسب و مەڕداری ئەم ناوچانە کە بژیوی ژیانیان لە سەر وەرزێڕی و مەڕدارییە، کوێستانەکانیان پێ چۆڵ کردوون.