سەرلە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٣ـی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سیمینارێک بە بۆنەی ٢٥ـی نۆڤامبر، ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بەڕێوە چوو.
لەم سێمینارەدا کە بە بەشداریی کادرو پێشمەرگەکانی فێرگەی پێگەیاندن و پۆلێک لە لاوانی خوێنگەرم و ئازادیخوازی دەورەی ٢٣٩ی سەرەتایی پێشمەرگە بەڕێوە چوو، خاتوو “شەونم هەمزەیی” ئەندامی ڕێبەریی حیزب و جێگری فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە، باسێکی لە سەر توندوتیژیی دژی ژنان و دیاریکردنی ڕۆژێک تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرسە، پێشکەش کرد.
ناوبراو سەرەتا بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە و هەروەها هێنانە گۆڕی باسێک لە سەر جۆرەکانی توندوتیژی سێمینارەکەی دەستپێکرد و لە درێژەی باسەکەیدا، بە ئاماژە بەوەیکە توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە باسی لەوە کرد بە پێی ئامار و فاکت و ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە هەر سێ ژن لە جیهاندا یەکیان تووشی لێدان، دەسدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی دەبنەوە.
خاتوو شەونم لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکارگەلی وەک، نەبوونی یاسایەکی گونجاو بۆ پشتیوانی لە ژنان، هاوڕا نەبوونی کۆمەڵگە و هەندێک جاریش خێزان لەگەڵ مافەکانی ژن و نەبوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ و ناوەند و ڕێکخراوێک بۆ پشتگیری لە ژنان بوونەتە هۆی ئەوەی کە ژنان زۆر جار بە ناچاری ئەو توندوتیژییانە قەبووڵ بکەن یان لانیکەم نەتوانن لە ئاستێکی بەریندا بەرپەرچیان بدەنەوە و تووشی چەندین گیروگرفت ببنەوە.
خاتوو شەونم لە کۆتایی سێمینارەکەیدا بە هێنانی هێندێک لە ماددەکانی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و مافی خێزانی لەو وڵاتەدا وەک بەڵگەی حاشا هەڵنەگر کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دژی ژناندا پەسەند و ئامادە کراوە، ئاماژەی بەوە دا کە ڕزگاریی یەکجاریی ژنانی لەم ستەمە جۆراوجۆرانەدا لە ناسینی مافەکانیان و بەدواداچوون بۆ بەدەست هێنانی ئەم مافانەدا دیاری دەکرێ.
لە کۆتایی سێمینارەکەدا بەشداربووان پرسیار و ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان خستە بەر باس کە لە لایەن ناوبراوەوە وڵام درانەوە.