لە بەردەوامیی دەسبەسەر کردنەکاندا لە کوردستان هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی “واحید عەباسیزادە” تەمەن ٣٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
شایانی باسە کە ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەر کراوە کە سەرەرای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندەکانی ئیتلاعات، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ” واحید عەباسیزادە” لە بەردەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە لە بەردەوامیی دەسبەسەر کردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ٦١ کەس لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر کراون و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی بەشێک لە دەسبەسەر کراوان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.