چالاکێکی مەدەنیی کورد و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەوالی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “ئانیسا جەعفەری مێهر”، خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان و چالاکی بواری کەلتووری و مامۆستای زمانی کوردی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئانیسا جەعفەری مێهر، ماڵەکەیان پشکنیوە و کەلوپەلی تایبەتی ناوبراو وەکوو مۆبایل، کامپیوتێر، کتێب و نوسراوەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئانیسا جەعفەری مێهر، خوێندکاری کارناسی باڵای زمانناسی زانکۆی کوردستان و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری شاباد و ئەندامی شۆرای نووسەرانی گۆڤاری وەرزی “ژ”یە
جێگای ئاماژەیە ئەو چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەر کرانی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کورد لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەسبەسەر و و دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێنییان لێوەرگرتبوو، ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە هەرئەو ڕۆژە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چالاکێکی دیکەی مەدەنی شاری” شاباد”یان بە ناوی داریوش مرادی لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کردووە.