بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نامەیەکی کراوە بۆ جۆ بایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا داوا دەکات، ئەمریکا نابێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.
جۆ بایدن پێستر لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی واژۆ کرا، ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێژیمی ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت، دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە و کار بۆ بەهێزکردنی رێککەوتنەکە دەکەن، لە هەمان کاتیشدا دژی چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە دەوەستنەوە.
ئەگەر بێتو ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران سزا ئابوورییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە هەڵدەگیرێن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەوە دەڵێ: دەبێ ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە چونکە ئەو ڕێککەوتنە چەکی ناوکی دەداتە ئێران.
پێشتر دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنی بەرجامی لە گەڵ ئێران بە رێککەوتنێکی زۆر خراپ ناوبردبوو و لێشی کشایەوە.