لە نوێترین هێرشی ئاسمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، لە سووریە ١٤کەس کوژران.
چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە لە نوێترین هێرشەکانی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی “ئەبووکەماڵ” ی سووریە ١٤ کەس کوژراون کە زۆربەیان هاوڵاتیی عێراقین چەند کەسیشیان هاوڵاتیی ئەفغانستانن.
هەروەها لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ئەبوو کەماڵ لە نزیک سنووری عێراق و بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانەیان کردۆتە ئامانج کە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا ٨ میلیشیا عێراقی و ٦ میلیشیای ئەفغانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە، لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو میلیشیا چەکدارانە، کۆگای تەقەمەنی و زۆربەی ماشینە سەربازییەکانیان کراوەتە ئامانج و لە نێو براون.
شایانی باسە کە دەوڵەتی ئیسرائیل چەند ڕۆژ پێش لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند کە بنکە و بارەگاکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی لە نزیک فڕۆکەخانەی دەمشق کردۆتە ئامانج.












