کرێکارێکی بیناسازیی خەڵکی پاوە بەهۆی ڕووداوی کار لە کاتی کارکردندا گیانی لە دەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی “عەزیز محەممەدی” لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەچڵ، لە گەڕەکی سەرباوەڕی گوندی دووریسانی سەر بە شاری پاوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.
لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم پێنج کرێکار لە کاتی کار کردندا، لە شاری پاوە بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.
شایانی باسە کە نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گیانی کرێکاران، نەبوونی ئەزموونی کار، بەربوونەوە لە بەرزایی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوونی کرێکاران بە ڕووداوی کارن و زۆر جار ئەو کرێکارانە لە لایەن خاوەن کارەوە بیمە ناکرێن و دوای ئەوەی تووشی ڕووداوی کار دەبن هیچ تێچوویەکی دەوا و دەرمانیان پێنادرێتەوە.
حکوومەتی ئێران لە رووی پاراستنی ئەمنییەتی گیانیی کرێکاران یەکێک لە کەمتەرخەمترین وڵاتانی جیهانە و ساڵانە بە سەدان کرێکار لە شوێنی کارەکانیان تووشی ڕووداوی کار دەبن و گیان لە دەست دەدەن یان کەم ئەندام دەبن.