دوو پارێزگای ورمێ و ئیلام زۆرترین ڕێژەی مەرگیان بەهۆی کۆرۆناوە هەبووە
سیما لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران گوتی: زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبووی خەوێندراو لە نەخۆشخانەکان لە حەوتووی ڕابردوودا سەر به پارێزگاکانی ئیلام، ورمێ، سمنان، یەزد و خۆراسان بووە کە نێونجیی ئەم پارێزگایانە بەنیسبەت نێونجیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازیی هەیە.
ناوبراو هەروەها گوتی: نێونجیی حاڵەتەکانی مەرگ بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران نزیکەی ٤٤هەزار کەس لە یەک میلیۆن کەس بووە کە زۆرترین ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە لە پارێزگاکانی یەزد، خوراسان، ئیلام، ورمێ و سمنان بووە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، نێونجیی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە حەوتووی ڕابردوو لە ئێران نزیکەی ٢٤ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە.
لە دوایین ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، تا ئێستا ٨٥٤ هەزار و ٣٦١ کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و هەروەها تا ئیستا ٤٤ هەزار و ٨٠٢ کەس لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
ڕێژیمی ئێران ئاماری وردی قوربانییان و تووشبووان بە کۆرۆنا بە شێوەی جیاجیا لە پارێزگاکان بڵاو ناکاتەوە و ڕاستییەکان سەرپۆش دەکات.
پارێزگاکانی کوردستان کە لە ئێستادا لە دۆخیکی مەترسیداردان و ڕۆژانە هەزاران کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا دەبن و بە دەیان کەسیش گیانیان لەدەستدەدەن، بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە میدیایی ناکرێت.