عەرەبستان: ئێمە دڵنیاین لەوەیکە سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، سیاسەتی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دژی ئێران درێژە پێدەدا
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان دەڵێ: ئێمە هیچ گومانێکمان لەوە نییە کە “جۆبایدن” سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، درێژەدەری سیاسەتێک دەبێ کە یارمەتیدەری سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ و ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکان و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ڕێبەرانی گرووپی “جی ٢٠ “کە لە وڵاتی عەرەبستان بەڕێوە چوو لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەری “ڕۆیتێرز” بە ئاماژە بە مێژووی ٧٥ ساڵەی هاوکاری نێوان ئەمریکا و عەرەبستان گوتی: ئێمە چاوەڕوانیمان لە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەوەیەکە پێوەندی نێوان دوو وڵات بەهێزتر بێت و بە هاوکاری ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیی بە هێز بە دژی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران، پێک بێنین.
هەروەها ناوبراو بە جەختکردنەوە لە سەر تێرۆریست بوونی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن گوتی: ئەگەر ئەمریکا ئەم گرووپە تێرۆریستەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بخاتە لیستی ڕەشی تێرۆرەوە کارێکی زۆر گرینگ و بە جێیە.
فەیسەل بن فەرحان، لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: لای هەموو وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتە عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون و ئاشکرایە کە هەموو چەک و تەقەمەنییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستە و تەنانەت ئیدئۆڵۆژییەکەشیان سەرچاوەکەی ڕێژیمی ئێرانە و بێ هیچ گومانێک میلیشیا تیرۆریستە حوسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و ئەو ڕێژیمە پشتیوانییان لێدەکا.
شایانی باسە کە هەواڵدەری”ڕۆیتێرز” پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە “دۆناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دەیهەوێت لە درێژەی سیاسەتی ” ئەوپەڕی گوشار” بە دژی تاران، میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، بخاتە نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانەوە.