بە دەسبەسەرکردنی دوو کەسی دیکە لە پیرانشار لە حەوتووی ڕابردوودا تا ئێستا ١٠ کەس لەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسە کراون.
دوو کەسی دیکە لە شاری پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بە هەژمار کردنی ئەم دوو حاڵەتە لە حەوتووی ڕابردوودا ١٠ کەس لەو شارە دەستبەسەر کراون.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار بە ناوی “سەلیم شەوەندە” دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شیناوێ بە ناوی “هاشم مورادی” لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا و شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی چیانە و دوو برایان بە ناوەکانی “فارۆق پەسووپیش و زاهیر پەسووپیش” دەسبەسەر کرد.
هەروەها، شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لە گوندی گەرگوولی خواروو چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی شۆڕش عەبدوڵڵانژاد، نەجمە سوخەنوەر، سەلاح ئاجی و کوڕەکەی بە ناوی ڕەحمان ئاجی و لە گوندی شیناوێ، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی عەلی جۆڵا و ئیسماعیل حاجی عەبدوڵڵا لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
ئەو ١٠ کەسە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کراون و ٨ کەسیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە و دوو کەسیان کە وەکوو بارمتە هەتا کاتی خۆڕادەست کردنی ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکانیان دەسبەسەر کرابوون، ئازاد کراون.