ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا”سێنتکام” شەوی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران، فرۆکە شەڕکەرەکانی”بی ٥٢”مان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە.
ئەو ناوەندە هەروەها دەڵێ: بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بنکەیەکمان بۆ جێگیر کردنی فڕۆکەشەڕکەرەکانی “بی٥٢” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزراندووە.
ئەم کارەی ئەمریکا، بۆ جێگیرکردنی فڕۆکەشەڕکەرەکانی”بی ٥٢” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای هەواڵی دانیشتنی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە گەڵ راوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە هەمبەر ڕێکار و پلانی هێرشی سەربازی بۆ سەر رێژیمی ئێران، جێبەجیکراوە.
هەواڵدەری”فاکس نیوز” لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاندوو کە جێگیر کردنی فڕۆکەشەڕکەرەکانی “بی٥٢” لە لایەن ئەمریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەیە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە “ترامپ” داوای لە ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، کردووە کە ڕێکار و پلانە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ئەگەری هێرش کردنە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران بە زووترین کات بدەن بە سەرۆککۆمار.