بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ هاووڵاتییەکی کورد بە سەختی بریندار بوو و لە کاتی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، بەیانی ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بە هۆی تەقنیەوەی مینی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ هاووڵاتییەک بە ناوی “عەزیز ڕوونەما” تەمەن ٤٢ ساڵ بە سەختی بریندار بوو و لاقێکی لە دەستدا کە لە کاتی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە بە هۆی سەختیی برینەکەی گیانی لە دەستدا.
ناوبراو خەڵکی گوندی” پولێ “سەر بە شاری شنۆ کە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە شوێنێک بە ناوی ”هەواری ئێسک“ کەوتە سەر مین.
ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردووش هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوو کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەکانی ورمێ به هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستدا
جێی ئاماژەیە کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لانیکەم پێنج کەس لە ناوچە سنورییەکان کەوتوونە سەر مین و دوو کەسیان گیانیان لە دەستداوە
شایانی باسە کە سەرەرای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ لە ساڵ لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق ئێستاش سالانە بە دەیان کەس لە ناوچە سنووریەکان بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی ئەو شەڕە لەو ناوچانە دەکەونە سەر مین گیانیان لە دەستدەدەن و بریندار و کەم ئەندام دەبن.