نوێنەرێکی بناژۆخواز لە مەجلیسی ئێران، ڕۆحانی بە دیکتاتۆر ناو دەبا.
نوێنەرێکی مەجلیسی ئێران، بە ڕەخنەگرتن لە هەڵسوکەوت و ئاکاری سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی دەوڵەت لە گەڵ هێندێک لە ڕێکخراوەکاندا” ڕۆحانی” بە دیکتاتۆر تۆمەتبار دەکا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەری “فارس” ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “مەحموود نەبەوییان”، نوێنەری بناژۆخوازەکان لە مەجلیسی ئێراندا بە وتنی ئەوەیکە دیکتاتۆرییەکانی ڕۆحانی، لە چەند شۆێن و کۆبوونەوەی جیاوازدا بەرچاوە گوتی: سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەی شوورای باڵای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە بەرپرسی پەدافەندی غیر عامل ، بە شێوەی یاسایی ئەندامی ئەو شووڕایەیە بەڵام ڕۆحانی ئیزن نادات لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بێ یان لە کۆبوونەوەی شوورای باڵای شۆڕشی فەرهەنگی، ڕۆحانی ئیزن بە چەند کەس لە ئەندامانی شووراکە نادات کە بەشداری کۆبوونەوەکان بن.
ناوبراو لە درێژەی ڕەخنەگرتنەکانی خۆیدا لە ڕۆحانی دەڵێ: سەرۆک کۆمار لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هیچ کەس و بەرپرسێک لە دەزگای دادوەری بانگهێشت ناکا و ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتە بە سەرۆک کۆمار و ئەم جۆرە کردەوانەش تەنیا شیاوی کەسە دیکتاتۆرەکانە.
نەبەویان، ڕووبە”ڕۆحانی” دەڵێ: تائیستا ئەندامانی مەجلیسی ئێران چەندین جار داوایان کردووە کە بۆ لێپرسینەوە بێتە مەجلیس، کە بە شێوەی یاسایی دەبوو بهاتبای، بەڵام ئێوە وڵامی نوێنەرانی مەجلیس نادەنەوە ئەگەر ئەم شێوە هەڵسوکەوتەی ئێوە دیکتاتۆری نییە، چییە؟
شایانی باسە کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا، دوو باڵی سەرەکیی دەسەڵاتی ڕێژیم، جاروبار هێرشی ساختە دەکەنە سەر یەکتر و یەکتر تاوانبار دەکەن و بەم شێوەیە دەیانهەوێت سرنجی ڕای گشتی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەم جۆرە چەواشەی ڕاستییەکان بکەن و سەرپۆش لە سەر زڵم و زۆرداری و دزی و گەندەڵییەکانی خۆیان بە هەردوو باڵی دەسەڵاتەوە دابنێن.