بەرپرسانی عێراقی:رێژیمی ئێران داوای لە میلیشیا چەکدارەکانی کردوە کە بە شێوەی کاتی چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا ڕابگرن
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی هێرشی سەربازیی ئەمریکا، داوای لە هەموو میلیشیاکانی سەر بە تارانی کردووە کە هەموو چالاکییەکانیان بە دژی هێزەکانی ئەمریکا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگرن.
بەرپرسانی عێراقی ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە وتوویژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی “ئاسۆشیتێدپرێس” ڕایانگەیاند کە “ئیسماعیل قائانی”، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، لە دانێشتنێکدا لە گەڵ ڕێبەرانی سیاسیی و بەرپرسانی حەشدی شەعبی عێراق لە حەوتووی رابردوودا داوای لە هەموو گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کردووە کە بە شێوەی کاتی هەموو چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا ڕابگرن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و بەوتەی بەرپرسانی عێراقی، ڕێژیمی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە هەموو گرووپ و میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە سەرەڕای ئەوەیکە لە ئامادەباشیدا بن، لە هەر جۆرە چالاکییەک لە ناوچەکەدا کە ببێتە هۆی بیانوو بۆ “دۆناڵد ترامپ” کە لەم چەند حەوتووی ئاخری سەرۆککۆمارییەکەیدا هێڕشی سەربازی بکاتە سەر ئێران خۆیان ببوێرن.
شایانی باسە کە بە هۆی سەرۆککۆماری “دۆناڵد ترامپ”ەوە ئاڵۆزی لە نێوان ئەمریکا و ئێران زۆرە و دوای کۆشتنی “قاسم سلێمانی” فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ئەمریکاوە ئەم کێشە و ئاڵۆزییانە گەیشتۆتە لوتکە و ڕێژیمی ئێرانیش لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانیەوە بەردەوام بنکەکانی سەربازی ئەمریکای لە عێراق کردۆتە ئامانج.
جێگای ئاماژەیە بە دوای کۆبوونەوە نهێنیەکەی دۆناڵد ترامپ لە گەڵ ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی و داوی “دۆناڵد ترامپ” بۆ گەڵاڵەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئێرانی زۆر دەترسن کە ترامپ لە دوایین حەوتووەکانی سەرۆک کۆمارییەکەیدا هێرشی سەربازی بکاتە سەریان بۆیە داوای لە هەموو میلیشیا چەکدارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە چالاکییەکانیان بە دژی هێزەکانی ئەمریکا ڕابگرن.