ئێلیۆت ئابرامز نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران و وێنێزووئێلا گوتی: ئێران وڵاتێکە کە پەرە بە تێرۆر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستی “ئەلقائیدە”دا هەیە.
نوینەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران و وێنێزووئێلا ڕۆژی شەممە ١ی سەماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی ئینگلیسی “ئەلعەرەبییە نێت” بە ئاماژە بە پەیوەندییەکی چڕی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕیکخراوی “ئەلقائیدە” جەختی کردەوە، کە ڕێژیمی ئێران لە هاوکاری لەگەڵ تێرۆریستانی ئەلقائیدە کە ئەوانیش لە ناوچەکەدا کاری تێرۆریستی دەکەن قازانج دەکات و ئەم بابەتە زۆر سەیر نییە چون پەیوەندییەکیی چڕ لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەلقائیدەدا هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: ڕێژیمی ئێران بڕیاری ئاژاوەگێڕی و تێرۆریستی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکانی دیکەی داوە و لە هاوكاری لەگەڵ تێرۆریستیەکانی ئەلقائیدە بۆ چالاکیی تێرۆریستی لە ناوچەکەدا قازانج دەکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا هەروەها جەختی کردەوە کە، ئەمریکا بۆ هەر هێرشێک دژبە هاووڵاتییانی ئەمریکایی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێران یان میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە ئەنجام بدرێت، دژکردەوەی توند پێشان دەدات.