پەروانە ڕەحمانی ، کوردی بەهایی خەڵکی سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.
پاش تێپەڕبوونی٣ مانگ لە دەسبەسەرکرانی زەبیحوڵا ڕەئوفی بە تۆمەتی بانگەشە بۆ ئایینی بەهاییو پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی، ئێستا پەروانە ڕەحمانی هاوسەری ناوبراو دەسبەسەرو لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دا بەند کراوە.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٨ی سەرماوەز لە ڕێگەی تەلەفوونێکی نەناسراوەوە پێی راگەیەندراوە کە لەلایەن دادگوستەرییەوە نامەی بانگکرانی بۆ دەرچووە، بەڵام چونکە لە ماڵەوە نەبووە دەبێ بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی سەرماوەز سەردانی دادگوستەری بکا. ئەو ڕۆژی دواتر سەردانی دادگوستەری دەکا بەڵام لەوێ پێیڕادەگەیەنن کە لە لایەن ئەوانەوە هیچ داوایەکی لەسەر نەبووەو؛ کەچی لە کاتی گەرانەوەی بۆ ماڵێ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماشێنەکەی ڕادەگرنو دەسبەسەری دەکەن. هەروەها کۆمەڵێک مەئمووری دیکەش زەبیحوڵا ڕەئوفی لەگەڵ خۆیان بۆ پشکنینی مالەکەی دەبەنو دەست بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلو کەرەستەی شەخسیی ئەودا دادەگرن.
زەبیحوڵا ڕەئوفی پێشتر لە ساڵی ٨٨ بە تۆمەتی بانگەشە بۆ ئایینی بەهایی دەسبەسەرو سزای ٦ مانگ زیندان لە دوورخراوەیی بەسەردا سەپا؛ ئێستاش چاوەڕوانی دادگایی کرانی لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزو حوکمی نوێی دادگا دەکا.
شایانی باسە بەردەوامیی ئازارو ئەزییەت کردنی بەهاییەکان لە سنەو لە شارەکانی دیکەی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر لە سیاسەتی هەمیشەییو درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی بووەو هەیە.