ئەوڕۆ شەممە ١ی سەرماوەز ئەنوەر فەتاحی ناسراو بە ئەنوەری ڕەشە هەورامی برای شەهیدان ناسر و مەنسووری ڕەشە هەورامی لە شاری مەریوان بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆناوە کۆچی دوایی کرد.
ئەنوەری ڕەشە هەورامی جگە لەوەی کوڕی کاک ڕەشید هەورامی و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ڕەشە هەورامی کە یەکێک لە بنەماڵە شۆڕشگێڕ و ناودارەکانی شاری مەریوانن، بۆ خۆشی خاوەن کەسایەتییەکی بەڕز و خەمخۆری گەلەکەی بوو.
بنەماڵەی ڕەشە هەورامی هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکەڵ بە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکرات بوون و لەو پێناوەشدا دوو کەسی هەڵکوتوویان بە ناوەکانی شەهید ناسر ڕەشە هەورامی و شەهید مەنسووری ڕەشە هەورامی پێشکەش بە بارەگای ئازادی گەلەکەیان کردوە.
خوالێخۆشبوو ئەنوەری ڕەشە هەورامی لە نێو شاری مەریواندا کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە سەرجەم بنەماڵەی سەربەرز و تێکۆشەری ڕەشە هەورامی لە شاری مەریوان و دەرەوەی وڵات دەکا.