لە شەوی یەڵداو لە شاری كرماشان یادو بیرەوەریی كیانووش ئاسا بەرز ڕاگیرا.
بنەماڵەو كەسوكارو كۆمەڵێك لە خەڵكی شاری كرماشان لە ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدادا، یادیان لە كیانووش ئاسا كردەوە.
لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداربووان بە وتارە شێعر خوێندنەوەو موسیقا ڕێزیان لە ڕێبازو ئازادیخوازیی كیانووش ئاسا گرت.
كیانووش خوێندكاری تێرمی چواری كارناسیی باڵای ڕشتەی ئەندازیاریی شیمی لە زانكۆی عیلمو سەنعەتی تارانو چالاكی ژینگەپارێزی بوو.
ئەو لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ لە مەیدانی ئازادیی تاران ڕفێندرا ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی هەمان ساڵ تەرمەکەی لە ساردخانەی پزیشك قانوونی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.
کیانوش ئاسا کە لە كەمینە مەزهەبییەكانی كرماشان، واتە یارسان بوو، بە دوو گوللە گیانی لێ ئەستێندرابوو.
بە قسەی پزیشكی قانووی تەرمی ئاسایان لە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەرداندا بۆ ئەم شوێنە هێناوەو هۆكاری مردنیشی بەركەوتنی دوو گوللە بووە، بەڵام بنەماڵەی ناوبراو دەڵێن كە تا پێش ڕۆژی ٣ی پووشپەڕ چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە پێیان ڕاگەیاندبوون كە كوڕەكەیان لە بەندیخانەی ئێڤیندا ڕاگیراوە.