وەستا قادر حەسەنپوور، ئەندامێکی وەفادار و دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و برای نەمر کاک “حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور”، لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، وەستا”قادرحەسەنپوور” ئەندامی دێرین و وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و برای نەمرکاک” حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور” لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشی کۆرۆناوە کۆچیدوایی کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە وەستا قادر کوڕی حاجی “برایمی مام ئۆمەر” لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێموکراتدۆستدا پەروەردە بووە و گەورەبوون لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕدا وەستا “قادر” فێری خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان دەکا و ڕێچکەی باب و مامەکانی کە دێموکرات بوون دەگریتەبەر و دەبێتە مرۆڤێکی دیاری بنەماڵەکانی”حەسەنپوور،حەداد، عەلیدووست و حەکیمزادە”.
لە کاتی ڕاپەڕینی کوردستان بە دژی ڕێژیمی پەهلەوی وەستا قادر لە کەسە دیار و بەرچاوەکانی نێو کۆڕوکۆبوونەوەکان دەبێ و ماویەک لە لایەن ڕێژیمەوە بە تاوانی هاوکاریکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەسبەسەر دەکرێ و بە توندترین شیوە سزا دەدرێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مام”قادر حەسەنپوور” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.