ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هۆشداری دەدا لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران
ڕافایل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کاناڵی “ئێن بی سی” راگەیاندووە، “هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران کاریگەریی گەورەی هەیە لە سەر چالاکییەکانی پشکێنەرانی ئاژانسەکەمان لەو وڵاتە و سڵامەتیی پشکێنەرانی ئەو ئاژانسە دەکەوێتە مەترسییەوە”.
ئەو وتانەی ڕافایل لە دوای راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا دێت کە ئاماژەی بەوە کردبوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەی کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی بە وەکالەت ئامادە بوون داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو
لە دوای ساڵی ٢٠١٨ و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی ئێران، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش زیادیکردووە، دۆناڵد ترامپ کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی ئێران ڕاگەیاند و بەوەش ئابووریی ئێران تووشی داڕمانێکی بەرچاو بوو و بەهای تمەنیش دابەزی.
لە رۆژی چوارشەممەش ئەمریکا دەورێکی دیکەی سزاکانی بە سەر ئێراندا سەپاند کە دامەزراوەی “موستەزعەفان” و وەزیری ئاسایشی هەواڵگریی کردە ئامانج.
دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ناوکی رایگەیاندبوو، ئێران دوانزە بەرامبەری ئۆرانیۆمی پیتێندراوی رێگەپێدراوی لە کۆگایەکیدا هەیە ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکاری خۆی و بەشێک لە وەزیرانی کۆبووە
ئاژانس رۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا کە ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی کردبوو وتی: ئێران ئێستا خاوەنی زیاتر لە دووهەزار و ٤٤٢ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراوە، ئەوەش دوانزە جار زیاترە لەو بەڵینەی کە وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی بەرجام بۆئێرانیان دیاریکردووە. هاوکات ڕاپۆرتەکە بێ ئەوەی ناوی ئەو بنکەیە ببات، وتویەتی کە ئێران ئامادە نەبووە رێگە بدا پشکێنەرەکانی سەردانی بنکەیەکی گوماناوی تایبەت بە چالاکیی ناوکی بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز کە پشتی بەستووە بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترامپ و هەروەها هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا، هەرجۆرە هێرشێک جا چ سەربازی بێت یان هێرشی ئینترنێت لە دژی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز کە گەورەترین دامەزراوەی ناوکیی ئێرانە و دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت و بنکەکانی دیکەی مووشەکی و ناوکی ئەو ڕیژیمە ئەگەری زۆرە.