سێ وڵاتی ئورووپایی، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە، لە هەمبەر پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران بەیاننامەیەکیان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی نارد
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەیناوکی ڕایگەیاند، بەیاننامەی “هاوپەیمانیی ئەو سێ وڵاتە” “ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا”ی، لەسەر چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێرانی بەدەست گەیشتووە.
ئەو بەیاننامەیە لە کاردانەوە بەرامبەر دوایین ڕاپۆرتی “ڕافائیل گرووسی” سکرتێری ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئامادەکراوە، کە تیایدا جەخت لە پێشلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامە ناوکییەکان دەکاتەوە و هەروەها باس لە دۆزینەوەی شوێنەواری “ئۆرانیۆم” لە چەند بنکەیەکی ئەو وڵاتە لەلایەن لێکۆڵەرانی ئاژانسەوە دەکاتەوە.
ئورووپاییەکان بە ڕەخنە گرتن لە پێشلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، داوایان لەو وڵاتە کردووە بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی و جێبەجێیکردنی تەواوی ماددەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، چونکە بە پێچەوانەوە مانەوەی ئەو ڕێککەوتنە دەخاتە مەترسییەوە.
جەختیشیان لەوە کردۆەتەوە کە سەرەڕای هەوڵی بەرگریکارانی ڕێککەوتنەکە، لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بە شێوەی بەردەوام و چەندین جار بەڵێنەکانی پێشلکردووە، کە ئەوەش ئامانج و پیلانی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو سێ وڵاتە هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە، کە لە ئێستادا دۆخەکە زۆر هەستیارە و ئێران پێویستە دەستبەجێی لە هەنگاوە پێشلکارانەکانی پاشگەز ببێتەوە و بەبێ کات کوشتن بەڵێنەکانی جێبەجێی بکات.