مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەرئەوە کردەوە کە واشینگتۆن، ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەکە و جیهاندا دەبێتەوە و گەمارۆگەلێکی نوێی بە سەردا دەسەپێنێ.
مایک پۆمێئۆ، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە گەڵ”بنیامین نەتانیاهۆ” سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و “عەبدوڵا لەتیف” وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند کە ئێمە لە سەر چۆنیەتی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەمبەر پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە کە تا ئێستاش پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهاندایە ڕێکارێکی نوێمان گرتۆتەبەر.
ناوبراو لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا دەڵێ: دەوڵەتی ئیسرائیل پشتیوانی زۆری لە سیاسەتی ” ئەو پەڕی گوشاری” ئەمریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران کردووە و بەردەوام هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکا بووە.
پۆمپێئۆ، بە ئاماژە بە شەپۆلی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران گوتی: ئەم شەپۆلە نوێیەی گەمارۆکان بە دژی بەرپرسانی گەندەڵی ئێران، هاوکاتە لە گەڵ ساڵوەگەڕی کوژرانی خەڵکی بێ تاوان و ناڕازی لە شاری ” مەشهەد” بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و ئێمە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین و دژ بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دەوەستینەوە.
شایانی باسە کە ئەمریکا ڕۆژ بە ڕۆژ گەمارۆی قورستر و زیاتر بەسەر بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنێ و ئەم گەمارۆگەلە تەنگی بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە.