وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ٤٧٩ کەس گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئیرنا، ڕۆژی هەینی ٣٠ خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، سیما سادات لاری هەواڵی گیانلەدەستدانی ٤٧٩ کەسی بە هۆی پەتای کۆرۆناوە پشتڕاست کردەوە و گوتی: ئاماری تووشبوان و گیانلەدەستدان بە هۆی ئەم پەتایەوە لە شارەکانی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و بە هۆی ڕەچاو نەکردنی ڕێوشوێنە پزیشکییەکان و خۆ نەپاراستنی هاوڵاتییان ئێستا چارە سەری ئەم پەتایە زۆر زەحمەتە.
سەرەڕای ئەوەیکە وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ڤاکسێنی کۆرۆنا بەم زووانە بەرهەمدێت و دەکەوێتە بازاڕەوە، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی تەندروستی ڕەخنەی توند لە ناوبراو دەگرن و دەست لەکار دەکێشنەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا جێگری توێژینەوەکانی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی بەرپرسایەتی هەڵە و پێدانی زانیاری ناڕاست لە لایەن وەزیری تەندروستییەوە سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا و سەرپۆش دانان لە سەر ڕاستییەکان و چەواشە کردنی خەڵک لە نامەیەکدا دەستی لە کار کێشایەوە.
هەواڵدەری “ئیرنا” ڕایگەیاند کە “ڕەزا مەلەکزادە” جێگری توێژینەوە زانستییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەستی لە کار کێشایەوە و لە نامەکەیدا بە ئاماژە بە چەواشەکارییەکانی وەزیری تەندروستی گوتی: وەزیری تەندروستی بە تەنیا بۆ خۆی بڕیار دەدات، هیچ گوێ لە ئێمە ناگرێ و لەم ڕۆژانەدا بانگەشەی بۆ چارەسەری پەتای کۆرۆنا بە شێوەی گیادەرمانیی کردووە، کە ئەمە شتێکی زانستییانە نییە و بۆ خۆشی باوەڕی پێی نییە، بە ڵام بە داخەوە ئەو بانگەشە ناڕاستانە لە میدیاکاندا بڵاو دەبێتەوە.
هەرەها ناوبراو لە هەمبەر بەرهەمهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە ئێران گوتی: بە پەلە بوونی وەزیری تەندروستی و لێدوانە هەڵەکانی بۆ پشتڕاست کردنەوەی بەرهەمهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنای ئێرانی کارێکی هەڵە و خراپە و وەزیر بۆ خۆی دەزانێ کە ئێستا لە قۆناغی یەکەمی تاقیکاری لە سەر ڤاکسێنی کۆرۆناداین و ئەم جۆرە لێدوانانەی وەزیری تەندروستی هەموو بنەما زانستییەکانی پزیشکی لە ئیران دەباتە ژێر پرسیارەوە.
شایانی باسە کە دوابەدوای ” ڕەزا مەلەکزادە” ، جێگری شووڕای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا”عەلی نەوبەخت”، لە نامەیەکدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لێدوانەکانی، “سەعید نمەکی” وەزیری تەندروستی ڕێژیم دەستی لە کار کێشایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هەر لەسەرەتای ئاشکرا بوونی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە میدیاکاندا ساجێکیان وەکوو چارەسەری دۆزینەوەی ئەو پەتایە لە کەسەکاندا نیشان دەدا کە گوایە ئەوان پێشکەوتوون و خەڵکی ئێران بۆ ئەوە دەبێ پشتیان پیببەستن، بەڵام هەر زۆر زوو کەوتنە بەر ڕەخنەی توندی زانایان و پزیشکان و ڕووناکبیرانی ئێران و جیهانیش و داهێنانەکەیان وەکوو گاڵتەجاڕترین داهێنانی دنیا پێناسە کرا.