کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مەحکووم کرایەوە. ئەو بڕیارنامەیە کە لەلایەن ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە گەڵاڵە کرابوو، بە ٧٩ دەنگی بەڵێ، ٣٢ دەنگی نەخێر و ٦٤ دەنگی بێ لایەن پەسند کرا.
لەو بڕیارنامەیەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ئێعدامی زیندانییان بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی، سزای کەسانی خوار تەمەنی یاسایی، گوشار بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان، پێشێلکردنی مافی زیندانییانی سیاسی؛ بۆ نموونە پێشگرتن لە گرتنی پارێزەر و دانپێدانانی زۆەملێ مەحکووم کراوە.
دەرچوونی ئەم بڕیارنامەیە دژی ئێران لە کاتێکدایە لە ڕەزبەری مانگی ڕابردوودا سکرتیری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە “پێشێلکردنی زۆر و بەردەوام”ی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.