سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند، تا كاتی هەڵوەشانەوەی گەمارۆكانی سەر ئێران ئابووریی ئەم وڵاتە هەروا لەگەڵ كێشە بەرەوڕوو دەبێ و پێشبینیی ئەوە دەکا کە گەشەی ئابووریی ئێران لە لە ساڵی ماڵیی ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ نزیكەی سفر بێ.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ڕایگەیاند، تا ئەم كاتەی كە گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران لانەبردرێنو ئەم وڵاتە توانای ئەوەی نەبێ كە ئاستی هەناردەی نەوتی خۆی بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بكاتەوە، لە بواری ئابووریەوە هەروا شكست دێنێو هیچ گەشەیەك بە خۆیەوە نابینێ.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وەبیری هێنایەوە كە، دابەزینی لە ڕادەبەدەری نرخی جیهانیی نەوت ئەم بڕیارانەی وەپاش خستووە كە پێوەندییان بەكار هێنانی وزەو سەرمایەدانانەوە هەیە و لە بەرەبەری هەڵوەشانەوەی گەمارۆ ئابوورییەكاندا لە ٣ مانگەی چوارەمی ساڵی مالیی ٢٠١٦ـ ٢٠١٥، بۆتە هۆی خاوبوونەوەی لە ڕادەبەدەری چالاكییە ئابوورییەكان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، بە سەرنجدان بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان ئاستی هەڵسەنگاندنە ماڵییەكانی ئەم ساڵە لە ساڵانی پێشوو باشترە. پێشبینی دەكرێ كە بەرز كردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت، كەمكردنەوەی تێچووەكانی گواستنەوەی سەرچاوە داراییو تیجارییەكان و دەستڕاگەیشتنی باشتر بە داراییەكانی دەرەوەی وڵات؛ بەرهەم هێنانی ناخالیسی نێوخۆی ئێران تا ئاستی سەدی 5 بەرز بێتەوە.