لە شاری شنۆ باوکی نەمر عومەر حەمیدی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە محەممەد حەمیدی ناسراو بە”محەممەد گەرمێنی” بابی هاوڕێ و هاوسەنگەرمان شادڕەوان عومەر حەمیدی، لە شارێ شنۆ کۆچی دوایی کرد
کاک محەممەد وێڕای زەحمەت و ڕەنج و ماندووبوونی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکەیان، بەتاوانی ئەوەی کوڕەکەیان پێشمەرگەیە، وەک هەموو ئەو کەسانەی کوڕیان پێشمەرگەیە زۆرجار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بنکە و پێگە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم بانگ دەکرا و دەکەوتە بەڕ بێڕێزی و قسەی نەشیاو و سووکایەتی پێکردن. پیاوێکی بەساڵاچوو و جەستەیەکی ماندوو و پڕ لە ئێش و ئازار، سەڕەڕای رەنجی بەردەوام و کار و کوێرەوەری تاقەت پڕوکێن هەمیشە لە ژێر گوشاری هێزەکانی ڕێژیمدا بوو بەڵام کاک محەممەد گەرمێنی بۆ تاقە جارێکیش گلەیی لە عومەری کوری نەکرد کە لەبەر پێشمەرگایەتی ئەو ئاوا ژیانیان لێ تاڵ کردووە و فرسەتی حەسانەوە و ئاسودەیی پێنادەن، بە پێچەوانەوە هەمیشە شانازی بە کوڕە پێشمەرگەکەیەوە دەکرد و خۆی بە بەختەوەر دەزانی و پێی سەربڵیند بوو.
کاک عومەری حەمیدی پێشمەرگەیەکی فیداکار و کادرێکی تێکۆشەر و ئەندامێکی لێوەشاوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە بەشی زۆری تەمەنی بەختی ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەی کرد و لە هیچ ئەرک و مەئمووریەتێکی حیزبی درێغی نەکرد و بە داخەوە لە وڵاتی فینلاند بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک محەممەد گەرمێنی و خزم و کەس وکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. .