دیپلۆماتە بیانییەکان لە تاران ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە هۆشداریمان داوەتە بەرپرسانی تاران کە پێش بە گەڵاڵە پێشنیارییەکەی کەسە تۆندڕەوەکانی ئێران لە هەمبەر تۆڵەکردنەوەی کوژرانی “قاسم سلێمانی” بگرن، دەنا دەوڵەتی ئەمریکا هێرشی سەربازیی دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران.
دیپلۆماتە بیانییەکان بە ئاماژە بە تەواوو بوونی ماوەی سەرۆک کۆماریی “دۆناڵد ترامپ” بە بەرپرسانی ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا خۆیان بپارێزن، جیاواز لەمە بڕیاری هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرمیزی کاری سەرۆککۆمارە.
شایانی باسە کە بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان چەند ڕۆژ پێش ئێستا دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە کۆشکی سپی لە گەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا داوای لە ڕاوێژکارەکانی کردووە کە گەڵاڵەی پێشنیاری خۆیان بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەنە سەرۆک کۆمار و ئەم بابەتە ماوەیەکە لە میدیاکان قسەی لەسەر دەکرێ.