دەوڵەتی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ناوچەی “ئەلخەزرا” لە بەغدا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەو میلیشیا تێرۆریستانە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێدەکا هۆکاری سەرەکی ئاژاوە، ناسەقامگیری و هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەرعێراق.
باڵوێزخانە ئەمریکا، لە بەغداد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەو میلیشیا تێرۆریستانە کە دامەزراندنیان یاسایی نییە و لە لایەن سپای قودسی سپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی عێراق.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووەکە دەبێ دەوڵەتی عێراق ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق تێکدەدەن دەسبەسەر بکرێن و سزا بدرێن.
شایانی باسە کە هاوکات لە گەڵ بڕیارەکەی دەوڵەتی ئەمریکا، بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، ٧ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە کە باڵوێزخانەی ئەمریکای لێ جێگیرە و گرووپی”ئەسحابولکەهف”ی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هیرشە مووشەکییەی وە ئەستۆ گرتووە.












