ە درێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر ٩ کەس و ٤٩ ڕێکخراو و کۆمپانیای ئێرانی.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە درێژەی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، گەمارۆ دەخاتە سەر ٩ کەسایەتی و٤٩ ڕێکخراو و کۆمپانیایی ئێرانی.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، لە بەیاننامەکەیدا بە تۆمەتبار کردنی وەزیری زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران” مەحموود عەلەوی” بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرپرسی ڕێکخراوی “مۆستەزعەفان” پەرویز فەتاح، کە کەسێکی نزیک لە “عەلی خامنەیی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ئەو دوو کەسەی وێڕای ٧ کەسی دیکە خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” بە دژی ڕێژیمی ئێران نابێ ڕاوەستێ و ئەم سیاسەتە تا ئێستا وڵامدەر بووە.
ناوبراو دەڵێ: “ئەم سیاسەتە دەستی ڕێژیمی ئێرانی بە پێڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان کورت دەکاتەوە و چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتنی بە پارە کەم دەکاتەوە”.
مایک پۆمپێئۆ لە درێژەدا دەڵێ: “ئەگەر ئەم گوشارانە و گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران کەم ببێتەوە، ئەوە ڕێژیمی ئێران زۆر بە خێرایی دەستی بە سەرچاو داراییەکانی دەگاتەوە و بۆ پەرپێدان بە کارە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا کەڵکی لێ وەردەگرێ”.
شایانی باسە کە تا ئێستا ئەمریکا، بە سەدان کەسایەتی و ڕێکخراو و کۆمپانیایی ئێرانی و ئورووپایی کە ویستوویانە گەمارۆکانی ئەمریکا دەورلێبدەنەوە و بەم کارە سەرچاوەی داهات بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین بکەن، خستۆتە لیستی گەمارۆکانیەوە.












