بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە ماوەی ٤٠ ساڵ سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری “مەسجد سلێمان” تێپەڕ ئەکات، بە هۆی ناجێگیری دۆخی جەستەیی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری،٩٩ی هەتاوی، چەنگیز قەدەم خەیری، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی کامیاران کە لە بەندیخانەی ناوەندیی “مەسجد سلێمان”ی سەر بە پارێزگای خووزستان، بەندکراوە لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی وتەکانی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە هاوبەندییەکانی چەنگیز پێوەندییان پێوە کردوون و وتوویانە کە بەرپرسانی بەندیخانە بە بیانووی ناردنی ناوبراو بۆ ناوەندیی چارەسەری پزیشکیی ئەهواز، بردوویانەتە دەرەوەی بەندیخانە. بەڵام بنەماڵەی چەنگیز لە ناردنی کوڕەکەیان بۆ ناوەندی چارەسەری پزیشکی بێ ئاگان و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانییان.
شایانی باسە کە گواستنەوەی کتوپڕی “چەنگیز قەدەم خەیری” بۆ چارەسەری پزیشکی لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە ڕێگری لە بەڕێ نەکرانی بۆ ناوەندیی چارەسەری پزیشکی بۆ نەشتەرگەریی گورچیلەی، مانی لە خواردن گرتبوو.
چەنگیز قەدەم خەیری تەمەنی ٣٣ ساڵە و ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٩٠ی هەتاوی، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “بابایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی مەسجد سلێمان دوور خراوەتەوە و لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.











