بەهۆی دیارینەکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ فڕێدانی زبڵوخاشاک لەلایەن شارەوانییەوە لە دەرەوەی شاری “مەریوان”، شارەوانی هەموو زبڵەکانی لەسەر پردی “کوشتارگای قەدیم” کۆ کردووەتەوە.
چەند ساڵێکە کێشەی زبڵ لە مەریوان بوونی هەیە و لە ئێستادا دۆخی “مەریوان” نالەبارە و خەڵکی چەند گەڕەک بەهۆی ئەو زبڵانەوە تەندروستییان کەوتووەتە مەترسییەوە و شارەوانیش لە ئاستی ئەو کێشەیەدا بێدەنگ و کەمتەرخەمە.
پێشتر شارەوانیی “مەریوان” بە شێوەی پێوانەیی بۆ چەند شوێنێکی ناوچەکانی دەوروبەری شار زبڵەکانی دەگواستەوە، بەڵام ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوند و ناوچانەی لێکەوتبووەوە و ئێستا زبڵوخاشاک لەسەر شەقام و نێو گەڕەکەکاندا فڕێ دەدرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا شاری “کووهدەشت” لە پارێزگای لوڕستان کێشەی لەو چەشنەی هەیە و شەقامەکانی ئەو شارە لە ئاوەڕۆ و زبڵ پڕ بوونە و بۆنی پیسی ئەو ئاوەڕۆ و زبڵانە چەندین کەسی تووشی نەخۆشی بوون و تا ئێستا کاربەدەستانی حکوومەت هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو دۆخە نالەبارە هەڵنەگرتوە.
ئەگەر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارخانەی وەبەرهێنان هەبێت، وێڕای پاراستنی ژینگە و بەرگریکردن لە بەفیڕۆچوونی وزە، چەندین هەلی کاریش بۆ خەڵک دەڕەخسێت، بەڵام لێرەشدا سیاسەتی ناوەندگەرا و سیاسەتی دژە کورد و کوردستانیی ڕێژیمی ئێران ڕێگر بووە لە دروستکردنی ئەو کارخانەیە.
جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا ئەوەی بەلایەوە گرینگ بێت بەرژەوەندی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک گرینگی بە ژیان و تەندروستی هاووڵاتیان نادات.
بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستان ئەگەر بزانن لە شوێنێکی دوورەدەستیش بێت کانگا یان شوێنێکی پڕ داهات هەبێت بۆ ئەو رێژیمە لە کەمترین ماوەدا هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین دەکەن لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی خۆیاندایە، بەڵام داواکاری هاووڵاتییان کە داواکارییەکی سەرەتایی ژیانی ئاسایی خۆیانە جێبەجێی ناکەن.