وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرای کرد کە حکومەتی ڕووسیە حەوتووی داهاتوو دەست بە دامەزراندنی دوو وێستگەی ئەتۆمی نوێ لە وڵاتە دەکا.
بێهرووز کەمال وەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ڕایگەیاند کە بە دامەزراندنی ئەو دوو ویستگە ناوەکییە، ڕێکەوتننامەی دامەزراندنی ٢٠ ویستگەی ناوەکی دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوەو بڕیارە لە ماوەی چەند ساڵ دا لە لایەن شیرکەتە ڕوسییەکانەوە بنیات بنرێن.
دامەزراندنی ئەو ویستگە ناوەکییانە بەشێکە لەو ڕێکەننامەیە کە لە نێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران دا واژوو کرا و بۆ کۆتایی هێنانە بە داواکارییەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی پێگەی ناوەکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم.
هەرچەندە تا ئیستا شوێنی دامەزراندنی ئەو ٢٠ پێگە ناوەکییە ئاشكرا نەکراوە، بەڵام وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕێژیمدا ئاشکرای کرد کە دوو لەو ویستگانە لە بوشێهر دەبێ.
ئیمزا کردنی دامەزراندنی ئەو ویستگە ناوەکییانە لە نێوان ئێرانو ڕووسیە لە کاتێک دایە کە دامەزراندنی ویستگەی ئەتۆمی بوشەهر زیاتر لە ١٥ ساڵ لە کات دیاری کراوی دواکەوت و تەنانەت ئێستاش ئەو بەرهەمەی کە پێویستە لێ دەست ناکەوێ.
سێرکێئی کرینکۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەوڵەتی وزەی ناوەکی ڕووسیە ساڵی رابردوو باسی لە دامەزراندنی ئەو ویستگانە کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئێران ئامادەیە هەموو تێچووی دامەزراندنەکەیان کە بە دەیان میلیارد دۆلار مەزندە دەکرێ بگرێتە ئەستۆ و ڕاستەوخۆ بنێردرێتە سەر حسابێکی تایبەت کە هەموو کات لە بەر دەستدا بێ.