پەیامی سەرەخۆشیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی
بەڕێز سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان!
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ کوردستان یەکێک لە ڕۆڵە بەرپرس و دڵسۆزەکانی خۆی بەهۆی پەتای جیهانگیری کۆرۆناوە لەدەست دا.
دوکتور فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر یەک لەو لاوە خوێنگەرم، ئەرکوەخۆگر و هەرە پڕکار و دڵسۆزانەی کورد بوو کە هەمیشە پێگەی سیاسی و ئیداریی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک بەکار دەهێنا و ماندوویینەناسانە بۆ سەرخستنی پڕۆژە گشتی و خزمەتگوزارییەکان تێدەکۆشا.
د. فرسەت سۆفی پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو، ئەوەندەش کە لە دەستی هاتبا بە خەمی خۆشک و برا هاونیشتمانەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بوو.
خاکی و خاکەڕایی، ڕەوشتی بەرز و تێکەڵاویی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بەرزی مرۆیی دیکە، کاک فرسەت سۆفیی کردبوو بە خۆشەویستی هەموو لایەک و، لەخۆڕا نییە کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بۆی خەمبار و بەپەرۆشە.
ڕووحی کاک فرسەت سۆفی شاد و جێگای بەهەشت بێ. بێگومان خزمەتەکانی و، ناو و یادی ئەو مرۆڤە بەرزە لە دڵی گەلی کورددا دەمێنێتەوە.
بەبۆنەی کۆچی ناوادەی د. فرسەت سۆفی، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هاوکارەکانی لە پارێزگای هەولێر، بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
سکرتاریا
١٨/١١/٢٠٢٠