لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆناوە دۆخی شارەکان زۆر مەترسیدار بووە، بە جۆرێک کە کاربەدەستانی ناوەندە تەندروستییەکانی ڕێژیمی ئێران دان بە بەشێک لە ڕاستییەکاندا دەنێن.
لە پارێزگای ورمێ ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە هێندە بەرز بۆتەوە کە هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی ئەو پارێزگایە قەدەغە کراوە و هەروەها ئیدارەکانی ئەو پارێزگایە داخراون و بڕیارە هەتا سەرەتای مانگ هیچ ئیدارەیەک بە شێوەی ئاسایی کار نەکات.
شایانی باسە کە لە شارەکانی” نەغەدە، میاندواو، سەڵماس، پیرانشار و بۆکان” بەهۆی دۆخی نالەبار و مەترسیداری پەتای کۆرۆناوە کاروکاسبی لەو شارانەدا بە تەواوی ڕاگیراوە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانیش هیچ ئاوڕێک لە دۆخی خراپی بژێوی ژیانی ئەو خەڵکە نادەنەوە.
هەروەها شاری کرماشانیش بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە دۆخی سووردایە و لە هەر کاتژمێرێکدا یەک کەس لەو شارە بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانی لەدەست دەدا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٢٤ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.
لە پارێزگای ئیلام “عەبدوڵڵا فەلاحی” سەرۆکی ڕێکخراوی نیزام پزشکیی ئەو پارێزگایە داوای کردووە کە پارێزگاکە بە تەواوەتی دابخەن و هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە هیچ کام لە بڕیاراتی ناوەندیی ڕووبەڕووبوونەوە بە دژی پەتای کۆرۆنا بۆ پێشگرتن لەم پەتایە وڵامدەر نەبووە و ئەگەری هەیە کارەساتێکی مرۆیی لەو پارێزگایە ڕوو بدات.
هەروەها لە پارێزگای “سنە”ش کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێکەوە هاوکاری بکەین و ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە، لەو پارێزگایە چوار شاری” سەقز، سنە، قوروە و مەریوان “گەیشتوونەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدار .
جێگای ئاماژەیە کە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە “حەسەن ڕۆحانی” سەرۆککۆماری ڕێژیم کە وەرزی بەهار باسی لەوە دەکرد کە کۆرۆنا نەماوە، ئێستا ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە لە سەرجەم پارێزگاکان قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەیەکی نادیار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.