مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی”فیگارۆ” گوتی: دەبێ ئەمریکا و ئورووپا بە دژی ئەردۆغان یەکگرتوو بن.
لە درێژەی سەردانەکانی پۆمپێئۆ، بۆ وڵاتانی ئورووپایی لە وڵاتی فەرانسە و لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی”فیگارۆ”ی فەرانسەدا گوتی: ئەمریکا و ئورووپا دەبێ لە هەمبەر سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی”ئەردۆغان” سەرۆک کۆماری تورکیە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆتە هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکگرتوو بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەڕۆییەکانی ئەردۆغان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری”ڕۆیتێرز” پۆمپێئۆ گوتوویە: سەرۆککۆماری فەرانسە، ئێمانۆئێل مەکرون و من لە سەر ئەوە هاوڕاین کە کارەکانی ئەم دواییانەی تورکیە زۆر هێرشبەرانە بووە و ئاماژەی بە دەستێوەردانی تورکیە لە شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان و جموجوڵی سەربازی تورکیە لە لیبی کردووە.
پۆمپێئۆ بە ئاماژە بە ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە دەڵێ: ئەمریکا و ئورووپا بە هاوکاری و یەکگرتووی هەوڵ دەدەن کە بە ئەردۆغان بڵێن سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی تورکیە لە ناوچەکەدا بە قازانجی خەڵکی وڵاتی تورکیە نییە.