گرووپی “ئەسحابولکەهف”ی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شەوی ڕابردوو بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا کە هێزەکانی ئەمریکا لەوێ جێگیر کراون.
شەوی ڕابردوو بەهۆی ئاراستەکردنی حەوت مووشەک لە لایەن میلیشیاکانی “ئەسحابولکەهف”ەوە بۆ ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، منداڵێک کوژرا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، گرووپی ئەسحابولکەهفیش کە سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەییدایە هێرشە مووشەکییەکەی لە ئەستۆ گرت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییەی ناوچەی سەوز بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، حەوت مووشەک بە ئاراستەی ناوچەی سەوزی شاری بەغدا تەقێندراون، چواریان لە ناوچەی سەوز کەوتوونەتە خوارەوە و ٣دانەی دیکەشیان لە دەرەوەی ناوچەی سەوز.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق، مووشەکەکان لە نزیک گۆڕەپانی ئاهەنگەکان، شاری پزیشکی و دەروازەی باخچەی زەورا کەوتوونەتە خوارەوە و هەروەها مووشەکێکیش لە ئاسمان تەقێندراوەتەوە.
شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان لە شەقامی “زەخت” بووە لە گەڕەکی ئەمینی دوو، هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، منداڵێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش برینداربوون کە سەرجەمیان مەدەنین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق، هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی کە هێرشی مووشەکییان کردووە و دەڵێت: ئەو هێزە لە یاسا دەرچووانە جارێکی دیکە ئاسایشی ئەم وڵاتەیان خستۆتە مەترسییەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکان و ئامانجە بەرتەسکەکانیان دەکەن، بۆیە ئەو کارە بەبێ دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە تێپەڕنابێت و دەبێ ئەوئاژاوەگێڕانە سزا بدرێن.












