٧ هاونیشتمانی لە شارەکانی پیرانشار و پاوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، شەوی یەک شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گەرگولی سەرێ، و چوار کەسیان بە ناوەکانی نەجمەدین سوخەنوەر، شۆرش عەبدوڵڵانژاد، سەلاح ئاجی و ڕەحمان ئاجی، دەسبەسەر کردووە و هەر وەها دوو کەسی دیکەی خەڵکی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەلی جۆڵا و سمایل حاجی عەبدوڵڵا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران
سەرچاوەیەک رایگەیاند، ڕەحمان ئاجی دوای شەووڕۆژێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کراوە
لە لایەکی دیکە، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، هاونیشتمانییەکی خەڵکی پاوە بە ناوی “نەبی وەیسی” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعات گوازرایەوە
شایانی باسە کە تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو چەند کەس ڕوون نییە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەو گیراوانە و دەسبەسەریان کردوون.











