مام” قادر مەحموودی” باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرلە بەیانی ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، مام ” قادر مەحموودی” باوکی شەهید ” محەممەد مەحموودی” ناسراو بە “محەممەد قالەقوڵی” لە گوندی ” کانی عەلیە گردە”لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لە تەمەنی ١٢٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە مام قادر بە دەیانجار بە هۆی کوردپەروەری و نیشتماندۆستییەوە کەوتۆتەبەر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەڵام بۆ چرکە ساتێکیش هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی کاڵ نەبۆتەوە و هەمیشە جێگای متمانە و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە و شۆڕشگێڕانی دێموکرات بووە.
جێگای ئاماژەیە کە شەهید محەممەد لە ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ساڵی ٦١ی هەتاویدا لە بەربەرەکانێیەکی ١٤ ساعەتەدا لە گوندی شاریکەندی ناوچەی بۆکان لەگەل هاوسەنگەرێکی بە ناوی قادر عەباسی شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک قادر مەحموودی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین و شەریکی خەمیانین.