لەگەڵ خۆکوشتنی قوتابییەکی کچی تەمەن ١٥سالان لە شاری “ڕامهۆرمۆز” سەر بە پارێزگای خووزستان، ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە خۆیان کوشتووە لەو شارەدا، گەیشتووەتە شەشە کەس.
بە پیی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی خۆجێی “عەسری جنووب” ئەو قوتابییە کچە بە خۆ هەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا پێنج خۆکوژی هاوشێوە لە نێو قوتابییانی ئەو شارەدا روویداوە.
ئارەش قەنبەری فەرمانداری شاری “ڕامهۆرمۆز” بە پشتڕاستکردنەوەی خۆکوژی ئەو کچە تەمەن ١٥سالانە گوتی؛ تیمێکی کارناسییان بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو رووداوە پێکهێناوە.
لە ڕاپۆڕتی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران ئاماژە بەهۆکاری خۆکوشتی ئەو قوتابییە نەکراو، بەڵام ماڵپەڕی “عەسری جنووب” هەروەها لە زمانی ڕەحیم ڕۆستەمی بەرپرسی پەروەردە وبارهێنانی “ڕامهۆرمۆز” هۆکاری خۆکوژی ئەو قوتابییە کچەی بۆ هەژاری بنەماڵەکەی و نەبوونی توانای کڕینی مۆبایل و ئیمکاناتی خوێندنی ئەو قوتابییە ڕاگەیاند.
لەئەمساڵی خوێندندا، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە پۆلەکانی وانە گوتنەوە لە ڕێگەی پەروەردەوە دوور خرایەوە و قوتابییان بۆ ئامادە بوونیان لە پۆلەکانی خوێندن پیویستییان بە مۆبایلی زیرەک یان تەبلێت هەیە.
بەوتەی بەرپرسی پەروەردە وبارهێنانی “ڕامهۆرمۆز”، ئەم پارێزگایە ٢٧هەزار قوتابیی لێیە بەڵام ٤هەزار قوتابی لە کەرەستەی پەیوەندیدار وەکوو مۆبایل و تەبلێت بۆ درێژە بە خوێندن بێبەشن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سیاسەتی هەڵاواردن لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێراندا.
جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک پیش ئێستا قوتابییەکی تەمەن ١١سالان لە شاری “دییەر” سەر بە پارێزگای بووشێهر بە هۆی هەژاریی و نەدارییەوە نەیتوانی ئەو کەرەستانە دابین بکات، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی لە سەرەتاوە بەڵینی ئەوەیان دابوو کە مۆبایلی زیرەک وتەبلێت بۆ قوتابیان دابین بکات، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی دیکەی ڕێژیم ئەم بەڵێنەشی خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن بوو.











